پزیشکان و شارەزایانى بوارى تەندروستى، دووپات لەوە دەکەنەوە کە رێژەى نەزۆکى و منداڵ نەبوون لە کوردستاندا بەرەو هەڵکشان چووە، هۆکارەکەى بۆ خراپى خۆراک، پیسبوونى ژینگە، بەکارهێنانى هەندێک دەرمان و جۆرى جلوبەرگ لە ئافرەتاندا دەگێڕنەوە.
شەونم ناوى خوازراوى ئافرەتێکى تەمەن 30 ساڵ و دانیشتووى هەولێر، ئەو پێش 11 ساڵ هاوسەرگیرى ئەنجام داوە، لە یەکەم ساڵى هاوسەرگیرییەکەیدا منداڵێکى بووە و ناویان ناوە هەریاد، پاش چەندین ساڵ، هەریاد تەنیا منداڵى ئەو خێزانەیە و دوو هاوسەرەکە هیچ منداڵێکى تریان نەبوو.
شەونم لە ماوەى ئەو ساڵانەدا و بۆ لە دایکبوونى منداڵێکى تر، سەردانى چەندین پزیشکى کردووە، هەرچەند پزیشکەکان پێیان راگەیاندووە ئومێدى لەدایکبوونى منداڵى تریان هەیە، بەڵام ئەو منداڵە ئارامگرتنى دەوێت. ئەو دوو هاوسەرە ویستوویانە دواى منداڵى یەکەم، تا چەند ساڵێک منداڵى تریان نەبێت و رێگرى سروشتییان بەکار هێناوە، بەڵام دواى ئەوەى بڕیارى دروستکردنى منداڵێکى تریان داوە، ئیتر منداڵیان نەبووە.
د. حەنان جەواد پزیشکى ئافرەتان و منداڵبوون و نەزۆکى و چاودێرى سکپڕى، روونى دەکاتەوە کە دوو جۆرى نەزۆکى سەرەکى و لاوەکى هەیە، نەزۆکى سەرەکى کە هاوسەرەکان بەشێوەى سروشتى کێشەیان لە منداڵبووندا هەیە و نەزۆکى لاوەکى کە بەهۆى کارتێکەرە دەرەکییەکانەوە تووشى دەبن.
پزیشکە پسپۆڕەکەى منداڵبوون و نەزۆکى و چاودێرى سکپڕى ئاماژە بەو کارتێکەرە دەرەکییانە دەکات کە دەبنە هۆکارى نەزۆکى لاوەکى، وەک جگەرەکێشان، بەرکەوتنی پلەی گەرمی بەرز، پایسکلسوارى بەشێوەى بەردەوام، پۆشینى جلى تەسک، پیسبوونى خۆراک، زیادبوونى کێشى ئافرەت، هەڵکشانى تەمەنى ئافرەت، ئەنجامنەدانى کردەى سێکسى بۆ ماوەیەکى درێژ، پیسبوونى ژینگە و کەشوهەوا بەهۆى مادە ژەهراوییەکانى وەک مێرووکوژەکان و پاککەرەوەکان و دووکەڵى کارگەکان کە لەلایەک کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانى سپێرم لە رەگەزى نێرینە و لەلایەکى تر کاریگەرى لەسەر جینەکان لە پیاو و ئافرەتدا دادەنێن.
د. حەنان جەواد بە "وشە" دەڵێ، "بەدرێژایى ساڵى رابردوو، تەنیا 300 ژن بەهۆى نەزۆکییەوە سەردانى کلینکەکەمانیان کردووە، بەڵام لە سەرەتاى ئەمساڵ تا مانگى ئاب کە هێشتا ساڵ تەواو نەبووە، زیاتر لە 400 ژن بەهۆى منداڵ نەبوونەوە سەردانى ئێمەیان کردووە و ئەوەش ئاماژەیەکە بە هەڵکشانى رێژەى نەزۆکى لە کوردستاندا".
بەگوێرەى داتاکانى یەکێتیی جیهانیی پزیشکان، لە ئێستەدا زیاتر لە 80 ملیۆن کەس کێشەى منداڵبوون و نەزۆکییان هەیە و بەدواى چارەسەریدا دەگەڕێن. هەرچەند لە کوردستاندا ئامارێکى ورد لە ئاستى وەزارەتى تەندروستى نییە، وەک د. خاڵس قادر گوتەبێژى وەزارەتەکە بە "وشە"ى راگەیاند، بەڵام هەندێک لەو پزیشک و کۆمەڵە تەندروستییانەى لەو رووەوە کار دەکەن، داتاى تایبەتیان هەیە.
کۆمەڵەی ئاوات یەکێک لەو رێکخراوانەیە کە چەند ساڵێکە کار بۆ ئەو هاوسەرانە دەکات منداڵیان نەبووە و تا ساڵى رابردوودا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر 12 هەزار خێزانیان تۆمار کردووە کە کێشەى منداڵبوونیان هەیە.
سندوس داود سەرۆکی کۆمەڵەکە بە "وشە" دەڵێ، "لە ماوەى کارکردنمان تا ساڵى رابردوو، زیاتر لە 12 هەزار خێزان کە کێشەى منداڵبوونیان هەبوو، خۆیان لاى ئێمە تۆمار کردووە، ئێمە کارمان بۆ چارەسەرى کێشەکانیان کردووە".
هەرچەند لە تۆمارى نەخۆشخانە و بنکە تەندروستى و کلینکە پزیشکییەکاندا، نەزۆکى لەمەڕ ژمارەیەکى زیاتر لە ئافرەتان بەراورد بە پیاوان تۆمار کراوە، بەڵام پزیشکان دووپات لەوە دەکەنەوە کە هەردوو رەگەزەکە بەرێژەیەکى یەکسان، رووبەڕووى ئەو حاڵەتە دەبنەوە.
پزیشکە پسپۆڕەکەى منداڵبوون دەڵێ، "لە تۆمارەکاندا بەرێژەى 10%ى نەزۆکى لە ئافرەتان بەراورد بە پیاوان تۆمار کراوە، بەڵام هۆکارەکە ئەوەیە کە ئافرەتان زیاتر سەردانى نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان دەکەن بۆ چارەسەرى منداڵ نەبوون و پیاوان بەهۆکارى کۆمەڵایەتى کەمتر سەردانى بنکە تەندروستییەکان دەکەن، بەپێچەوانەوە هەردوو رەگەزەکە بەڕێژەى یەکسان تووشى نەخۆشییەکە دەبن".
د. موهەنەد ئەبوشاور پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵبوون، بۆ "وشە"ى روون کردەوە، چەند هۆکارێکى تر لە پشت نەزۆکییەوە هەن، لەناویاندا خراپى و شڵەژانى بارى دەروونى، خراپى شوێنى کارکردن و خواردنە لە قوتووکراو و ئامادەکراوەکان.
هەروەک د. حەنان جەواد ڕێنوێنی ئافرەتان دەکات خۆیان لە زۆر بەکارهێنانی دەرمانی ڕێگری منداڵبوون بەدوور بگرن، "چونکە بۆ کاتێکی درێژخایەن و بە شێوەیەکی زۆر، دەبێتە هۆی گوڕانکاری لە هێلکەدان و منداڵدانی ئافرەتەکە و تێکچوونی سوڕی مانگانە و بەهۆشیەوە حاڵەتی نەزۆکی دروست دەبێت"، بەڵام بەو حاڵەشەوە وەک ئەو پزیشکە پسپۆڕە روونى دەکاتەوە، "بەشێوەیەکى گشتى بەکارهێنانى رێگریى منداڵبوون نابێتە هۆکارى نەزۆکى".
نەبوونى منداڵ لەرووى دەروونى و کۆمەڵایەتییەوە، کاریگەرى لەسەر خێزانەکان دادەنێت، شارەزایانى دەروونى و کۆمەڵایەتى دووپات لەوە دەکەنەوە کە ئەو حاڵەتە بووەتە هۆکارى کێشەى کۆمەڵایەتى لە شێوەى هەڵوەشاندنەوەى خێزاندا.
سامان سیوەیلی بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان بۆ "وشە" ئاماژەى بەوە کرد، لە کۆمەڵگەى کوردى بەهۆى لاوازیى ئاستى هۆشیاریى خێزانەکان، نەبوونى منداڵ و نەزۆکى بووەتە هۆکارى چەندان کێشەى کۆمەڵایەتى و تا هەڵوەشاندنەوەى خێزان و لەوەشدا پێ دەچێت دەستێوەردانى ماڵەباوانى هاوسەرەکان، بەشێک لە زەقکردنەوەى کێشەکە بێت.
سیوەیلى دەڵێ، "لە کۆمەڵگەى ئێمەدا، ئەگەر هۆکارى نەزۆکییەکە لە ئافرەتەکە بێت، ئەوە کێشەى بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر نەزۆکى لە پیاوەکە بێت، ئەوە ئافرەتەکە قبووڵى دەکات".
سیوەیلی بە گرنگی دەزانێ خولی هۆشیاری پێش پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ کچان و کوڕان لە سەنتەرەکان بکرێتەوە، دەکرێ مامۆستایانی ئاینی لە مینبەری مزگەوتەکانەوە و کەناڵە میدیایییەکان ڕۆڵی ئەرێنی لە هۆشیارکردنەوەی کوڕ و کچان بەر لە هاوسەرگیری ببینن.
وشە/ هەولێر- ماکوان عیزەت و سەروین شێخانی