وا هەست دەكرێ ساڵ بە ساڵ زیاتر لە ساڵانی رابردوو ئافرەتانی كورد روو لە حیجاب بكەن، بەشێك لە چاودێران پێیان وایە حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان رۆڵیان هەبووە لە پەرەپێدانی باڵاپۆشی لە كۆمەڵگەی كوردستان و بازرگانانیش ئەو دەرفەتەیان لە سوودی خۆیاندا قۆستووەتەوە. ئافرەتێكی سەر بە حزبە ئیسلامییەكانیش پێی وایە حكوومەت خۆی جلی كوردی پشتگوێ خستووە و تۆمەتەكە دەخاتە پاڵ حزبە ئیسلامییەكان.
ئافرەتانی كورد رۆژ بەرۆژ زیاتر لە جاران روو لە جلی بێگانە دەكەن و ئەوەی بووەتە جێگەی مشتومڕی چاودێران و هاووڵاتییان، ئەوەیە دەبێت كێ لە پشت ئەو گۆڕانكارییە بێت.
جیهان عومەر كە دانیشتووی شاری هەولێرە و بە پیشە مامۆستایە، هەر لە منداڵییەوە بە پۆشینی جلی حیجاب راهاتووە، وەك لە شێوەی جلوبەرگەكەی دەردەكەوێت، جگە لە دەست و دەم و چاوی، هیچ شوێنێكی لەشی بەدەرەوە نییە. ئەو پێی وایە حیجاب بۆ پاراستن و شاردنەوەی جەستەی ژنانە و لە كوردستانیش هاوشێوەی زۆرێك لە وڵاتانی دەوروبەر، ئەو نەریتە پێڕەو دەكرێت. جیهان عومەر كە خۆی مامۆستایە، پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە كە لەبەركردنی جلی كوردی بۆ دەوام، گونجاو نییە و رەنگە لە دەرەوەی بۆنەكان شەرم بێت ئافرەت بە جلی كوردی بچێتە دەوام.
بەڵام هەندێك كەس پێیان وایە حیجاب بەسەر كۆمەڵگەی كوردستاندا سەپێنراوە و لە رابردوودا ئافرەتانی كورد باڵاپۆشی و حیجابیان پێڕەو نەكردووە.
بەناز حەمەسالح كە جلێكی ئاسایی لەبەر كردووە، پۆشینی جلی كوردی بە هێمای كولتوور و ناسنامەی نەتەوەی كورد دەبینێ و دەڵێت لە كۆندا لە كوردستان حیجاب نەبووە، ئەو رەخنە لە حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی دەگرێت بەوەی لە ئاستی پێویست گرنگییان بە پۆشینی جلی كوردی و هۆشیاركردنەوەی ژنی كورد نەداوە.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە ژنانی كورد روو لە حیجاب بكەن، سەرهەڵدانی حزبە ئیسلامییەكانە لە كوردستان. بەناز حەمەساڵح دەڵێت، "هەندێك لایەنی سیاسیی ئیسلامی بە مەبەستی سیاسیی كاریان لەسەر ئەم لایەنە كردووە".
ئەوەی لە كوردستان رێگری لەوە كردووە ئافرەتان بە جلی كوردی دەوام نەكەن، حزبە ئیسلامییەكان نین، بەڵكو حكوومەت خۆی رێگری لەوە كردووە ئافرەتان لە حاڵەتی ئاساییدا بە جلی كوردی بێنە دەوام و ئەو بابەتە تەنانەت بۆ پیاوەكانیش دروستە.
شوكریە شێخانی پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێی وایە، هیچ رێگرییەك نییە لەلایەن ئاین یان كۆمەڵگەوە بەوەی ئافرەتی كورد جلی كوردی بپۆشی. ئەو رەتی دەكاتەوە باڵاپۆشی هاوردەی وڵاتان و كۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی بێت و دەڵێت، "بۆ ئاسایی بێت ژنی كورد پانتۆڵ و سترێژ بپۆشی كە هی كۆمەڵگەی ئەوروپییە، بەڵام ئاسایی نەبێت ئافرەتی كورد حیجاب بپۆشی".
رووتێكردنی ئافرەتانی كورد لە باڵاپۆشی بە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارە، پێوەندی بە ژیانی رۆژانەی خۆیەوە هەیە، نەك هۆكاری سیاسیی یان گرفتی كۆمەڵایەتی و هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی ئافرەتانی كورد روو لە پۆشینی جلی كوردی نەكەن، بۆ نەگونجاویی جلەكە دەگەڕێتەوە.
زۆرینەی خەڵك وا تێگەیشتوون كە حیجاب موڵكی ئیسلامە و تەنیا لەو ئاینەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام چالاكڤانێكی ئافرەت مێژووەكەی بۆ بەر لە ئاینی ئیسلام دەگەڕێنێتەوە.
تامان شاكر نووسەر و ڕۆژنامەنووس، نەریتی حیجاب بە جووەكان گرێ دەدات و دەڵێت، هیچ بنەچە و بنەمایەكی ئاینی نییە و تەنانەت زۆرێك لە زانایانی ئەزهەریش هەمان بۆچوونیان هەیە. بەگوتەی شاكر ئەوەی هۆكار بوو حیجاب لە كۆمەڵگەی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی پێ بدرێت، سەرهەڵدانی ئیخوان موسلمین لە وڵاتی میسر و سەرهەڵدانی دەسەڵات و حزبە ئیسلامییەكان لە كوردستان و ناوچەكەدا.
ئەو رۆژنامەنووسە رەخنە لە بازرگانان دەگرێ كە جلی باڵاپۆشی لە وڵاتانی عەرەبییەوە هاوردە دەكەن. هاوكات لە رێگەی بەخشینی دیاری و هەندێك دامەزراوە و دەزگەی تایبەتییەوە كار بۆ ئەوە دەكرێت ئافرەتانی كورد روو لە حیجاب بكەن و تەعریبی جلی كوردی بكەن.
ئافرەتان ئەوەیان لە مێشكی خۆیان چەسپاندووە ئەگەر باڵاپۆش بن، ئەوا لە مەترسی هەر جۆرە دەستدرێژییەك بە دوور دەبن، لە كاتێكدا تامان شاكر پێی وایە جۆرێكە لە هەڵخەڵەتاندن و بێهێزكردنی ئافرەت.
هاوكات عەبدوڵا عاڵەیی نووسەر و توێژەر بۆچوونی وایە، باڵی سیاسیی ئیسلام باوەڕی بە یەكێتیی گەلان هەیە و بزاڤی ئیخوان موسلمین وەك بناغەیەكی هزری و فكریی بۆ لایەنگرانی داڕشتووە و ئەوەندەی ئومەتی ئیسلام بە گرنگ هەژمار دەكات، هێندە ناوچەیی و خۆماڵێتی لە هەموو دیوە فەرهەنگی، سیاسی و كەلتوورییەكە بەلایەوە گرنگ نییە. عاڵەیی بۆ "وشە" دەڵێت، لەم سۆنگەیەوە دەشێت یەكێتییەك لە جلوبەرگی هەموو تاكێكی ئیسلامگەرادا هەبێت. حزبە ئیسلامییە كوردییەكان، بەتایبەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كە تەواو لە ژێر هەژموونی ئیخواندایە، كەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەم ئایدۆلۆژیایەوە.
بەگوتەی عاڵەیی، هەر ئایدۆلۆژیایەك كاری لەسەر پۆشاك كرد، گوتارێكی فاشیزمیی هەیە، بزاڤی ئیسلامیش خۆی هەڵدەقوڕتێنێتە نێو ئازادیی تاك و شێوازی پۆشاكت بۆ دیاری دەكات، بەمەش ناوەستێت، بەڵكو دەیەوێت فرەجۆریی پۆشین نەهێڵێت و مۆدێل بنبڕ بكات. ئەو پێداگری لەوە دەكات كە ئەم شێوازە حیجابەی لە كوردستان برەوی پێ دەدرێ، عەرەبی و توركییە و هیچ پێوەندییەكی بە شێوە پۆشینی كوردەوارییانەوە نییە.
ئەمیر گەردی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیمان لە هەولێر دەڵێت، حیجاب لەڕووی شەرعەوە بەواتای خۆ داپۆشین و شاردنەوەی جەستە دێت. گەردی بۆ "وشە" پێی وایە، ئەمە ئەركێكی موسڵمانە و هیچ پێوەندییەكی بە حزبە ئیسلامییەكانەوە نییە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق