الثلاثاء، 29 نوفمبر 2016

300 مامۆستا ی پەروەردەی مەخمور دوور خرانەوە


بەهۆی دەوام نەكردن و گومانی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش، 300 مامۆستای سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری پەروەردەی مەخموور لە پارێزگای هەولێر، دوورخرانەوە.

عەباس محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای ئازادكردنی شارۆكەی مەخموور لە دەست چەكدارانی داعش، لە كۆی 500 مامۆستای سنووری پەروەردەی مەخموور، 300 لە مامۆستاكان نەگەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان و هەموو ئەو مامۆستایانەش بە رەگەز عەرەبن.

مەخموور بەدووربی 63كم لە رۆژئاوای شاری هەولێر هەڵكەوتووە و لەرووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، هەرچەند پێشتر بە بڕیارێكی سەركردایەتی شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوە، بۆ سەر پارێزگای مووسڵ گواستراوەتەوە.

بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور زیاتر دەڵێ‌، "لەو ژمارەیەدا 20 مامۆستا لە سنووری پەروەردەی كەركووك دەستبەكاربوونەتەوە، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونیان بەدەوام و دیارنەبوونی شوێنەكانیان، لە پیشەكانیان دوور خراونەتەوە و كۆتا بە راژەكەیان هێنراوە".

بەهۆی نائامادەیی ئەو 300 مامۆستایە و ناجێگیری باری تەناهی ژمارەیەك لە گوندەكان و نەگەڕانەوەی دانیشتووانەكانیان، پێدەچێت خوێندن لەو سنوورەدا دەست پێ‌ نەكات.

بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور دەڵێ‌، "ئەو مامۆستایانە تەنیا لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردە بوون، ئەگەرنا قوتابخانەكانیان سەر بە بەغدا بوو، لەبەرئەوە دەست پێكردنی خوێندن لە قوتابخانەكانی ئەواندا پێوەندی بە ئێمەوە نییە".

هەرچەند دەگوترێت ژمارەیەك لە مامۆستاكان چوونەتە ناو داعشەوە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور دەڵێ‌، ئەوان نازانن چوونە ناو داعشەوە یان نا.

مەتەڕ حوسێن مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی باقرت كە ئێستە بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە، بە "وشە" دەڵێ‌، "لە 22ی ئەیلوولی 2014، نزیكەی 20 مامۆستا لەكەركووك دەستمان بەكار كرد، بەڵام دواتر پێیان راگەیاندین لەسەر میلاكی حكوومەتی هەرێم وەرناگیرێن".

حوسێن غەزال ناوی خوازراوی یەكێكی تر لەو مامۆستایانەیە و ئێستە لە كەمپی دیبەگە دانیشتووە، ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "لە حوزەیرانی ئەمساڵ توانیمان لە ژێر دەستی داعش رابكەین و كاتێك سەردانی پەروەردەی مەخموورمان كرد، پێیان راگەیاندین لەكار لادراوین و ناتوانین دەستبەكارببینەوە".

ئەو مامۆستایە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات چاو بە بڕیاری لەكارلادانیان بخشێنێتەوە و دەڵێ‌، "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، تەنیا 63 مامۆستا لە ناوچەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە و سوپای عێراقن و ئەوانی تر دیار نین".

د. محەمەد ئیقبال وەزیری پەروەردەی حكوومەتی عێراق لەسەردانێكی بۆكەمپی دیبەگە رای گەیاند، هەوڵ دەدەین لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم چارەسەری كێشەی ئەو مامۆستایانە بكەین كە بەهۆی داعشەوە ئاوارە بوون".

سەرچاوەكانی تەناهی دووپات لەوە دەكەنەوە ژمارەیەك لە مامۆستایانی سنوورەكە، پێوەندییان بە داعشەوە كردووە و لە ریزەكانی ئەواندا كوژراویشیان هەیە.

ڕزگار محەمەد ئیسماعیل قایمقامی مەخموور بە"وشە"ی راگەیاند، "لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەگەڵ سوپای عێراقی لە گوندی ساقیەی دەوروبەری مەخموور، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئەو گوندە لە ریزی چەكدارانی داعش كوژرا".

ئەو زیاتر دەڵێ‌، "ئەگەر مامۆستایەكی لەكار لادراو بەڵگەی باوەڕپێكراوی هەبێت لەگەڵ داعش نەبووە، دەتوانێت دەست بە دەوام بكاتەوە، پاش ئەوەی ناوەكەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەكرێتەوە".

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق